دەربارە

 Soran University Logo  کۆنفرانسی زاره‌كانی زمانی كوردی و پرسی ناسنامه‌یان                                                                         

زارەکانی زمانی کوردی لەم سەردەمەدا لە ناوچەی جوگرافی جیاواز و بە ئەلفوبێی جیاواز و دوور لە یەک لە گەشەکردندان، ڕەوتی ئەم گەشەکردنە بە ڕادەیەکە چارەنووسی هەندێک زاری کوردی خستۆتە مەترسییەوە، کە بۆی هەیە لە داهاتوو وەک زمانێکی سەربەخۆ کاری پێ بکرێ و چیدی وەک زارێکی کوردی نەمێنێتەوە. لەلایەکی دیکەوە هەندێک زاری دیکەی کوردی ناسنامەی کوردیبوونیان لە کێشەدایە، هەندێک لە ئاخێوەرانییان بانگەشەی زمانێکی سەربەخۆ بۆ زارەکەیان دەکەن و لەپاڵ ئەوەش نکوولی لەکوردیبوونی زارەکەیان دەکەن، کەچی ئەم زارانە سەد ساڵیک پێش ئیستا هیچ کێشەیەک نەبووە لەسەر ناسنامەی کوردیبوونیان. هەندێک زاری دیکەی کوردیش هەیە بە هۆی کەمبوونی ژمارەی ئاخێوەرانی بۆی هەیە لە داهاتوو چیدی قسەی پێ نەکرێ و بەرەو توانەوە بچێت.
ئەم ڕەوشە زمانییە لە کاتێکدایە کە هیچ پلانێکی زمانی و دەزگایەکی چاودێریی زمانی لە ئارادا نییە بۆ ئاراستەکردن و نزیککردنەوەی زارەکانی کوردی لەیەک، بۆیە لە بارودۆخێکی لەم شێوەیەدایە بە پێویستی دەزانین لە کۆنفرانسێکی زانستیدا ئەم باسە زمانەوانییە تاوتوێ بکرێ و توێژینەوەی لەسەر بکرێ بۆ ئەوەی ڕێگە چارەیەک دابندرێ بۆ ناسنامەی زارەکان و ئاراستەکردنیان و پاراستنیان لە فەوتان، هەروەها لە نێو زارە هەمەچەشنەکانی کوردیشدا پلانڕێژی بکرێ بۆ زمانێکی باڵادەست و یەکگرتووی کوردی لە داهاتوو.

دووەمين كۆنفڕانسی نێودەوڵەتیى بەشی زمانی كوردی فاكەڵتیی پەروەردە / زانكۆی سۆران